بەریتانیا. سێ گەنجی کورد لە بەریتانیا سزادران
دادگایەکی بەریتانیا سزای زیندانیکردنی بۆ سێ گەنجی کوردى هەرێمی کوردستان دەرکرد، بەتاوانى لایەنگرییان بۆ داعش.
به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا: ڕۆژى سێشەممە ٣ى کانونى دووەمى ٢٠١٧ میدیاکانى بەریتانیا بڵاویکردەوە سێ گەنجى کورد سزادران کە تاوانى هەرسێکیان هەوڵدان بووە بۆ بەشداربوون لە شەڕی داعشدا.
هەر بەپێى زانیارییەکانى میدیا بەریتانیەکان هەرسێ گەنجەگەش لە لایەن پۆلیسی دژە تیرۆرەوە لە ئایارى ٢٠١٦ دەستگیرکرابوون.
یەکێک لەو سێ گەنجە لە دۆڤەر دەستگیرکراوە کە لە پشت بارهەڵگرێکەوە خۆی شاردبووەوە بۆ ئەوەی بچێتە دەرەوەی بەریتانیا.
ناوی یەکێک لە سێ گەنجەکە ئاراس محەمەد حەمیدە و تەمەنی ٢٦ ساڵە و لە ئەیلولی ٢٠١٥وە لە بەریتانیا داوای پەنابەرێتی کردووە.
دادگای لەندەن لە دوو کەیسدا تاوانەکانی ئاراس محەمەد حەمیدى سەلماند کە یەکێکیان هەوڵدانە بۆ چوون بۆ ناوچەی شەڕی داعش و دووهەمیان هەڵگرتنی پاسپۆرتی ساختەی بولگاریی بووە، بە حەوت ساڵ زیندانى سزادراوە.
دووهەمیان کە ناوی شوان حەیدەر عەزیز زەنگەنە و تەمەنی ٢١ ساڵە، لە لایەن پۆلیسی دژەتیرۆرەوە دەستگیرکراوە و پەیوەندی بە ئاراس محەمەد حەمید هەبوو کە هانیداوە بۆ ئەوەی بچێتە ڕیزی داعشەوە لە عێراق، بە ٣ ساڵ زیندانى سزا دراوە.
سێهەمیشیان کەناوى ئەحمەد ئیسماعیلە و تەمەنی ١٩ ساڵە.
دادگای بەریتانیا زانیوویەتی کە برایەکى بەناوى محەمەد ئیسماعیل لە ٢٠١٤ دا چووە بۆ سوریا و لە ڕیزی داعشدا شەڕی کردووە، ئەویش ویستیویەتى بچیتە ڕیزى داعشەوە، بە ١٨ مانگ سزا دراوە.
٤ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ١٤:٤٠
News ID: 802706
دادگایەکی بەریتانیا سزای زیندانیکردنی بۆ سێ گەنجی کوردى هەرێمی کوردستان دەرکرد، بەتاوانى لایەنگرییان بۆ داعش.